ئەی لەیلاکەم
ئەو ڕۆمانەی کە دامیتێ و
دوای خوێندنەوەی هێناتەوە
کە خستمەوه کتێبخانە بچکۆلەکەم ...
هەموو کورتە چیرۆکەکان
دەوریان گرت و ئەویش کەوتە گێڕانەوەی
ئەو باسانەی
لە سەیرانی چەند ڕۆژەیدا
لەگەڵ چاوتا کردبوونی
پێی ئەوتن:
ئەو شیرینە...
حەز لە خوێندنەوەی چیرۆکی
کەڵەگەتی وەک من ئەکا
چیرۆکی کورت سەیر ناکا
دوای ماوەیەک تەماشام کرد
هەموو کورتە چیرۆکەکان
لەبەر خاتری چاوەکانت
یەکە یەکە
بوونە ڕۆمان!